مه‌سرور بارزانی و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونه‌وه‌

ئەمڕۆ شەممە ١٦-٢-٢٠١٩ لە دووەم رۆژی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و نێڵز ئانن، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه‌.

لە دیدارەکەدا رەوشی گشتی ناوچەکە و پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێکرا.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی ئەڵمانیا لە دوای هێرش و پەلامارەکانی هاوینی ٢٠١٤  لە پشتیوانی هەرێمی کوردستان کرد. لەلای خۆشیەوە نێڵز ئانن، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا پێزانینی هەبوو بەرامبەر قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە گفتوگۆ لەبارەی رەوش و بارودۆخی ئەو ناوچانە و بەتایبەت رەوشی شنگال کرا، کە لە داعش پاک کراونەتەوە، پەیوەند بەوە مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان خوازیارە بە زوویی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەو دەڤەرە دابین بکرێت بۆئەوەی هەرچی زووە ئاوارەکان بەسەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان.

Back