مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩-٦-٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دکتۆر ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی و شاندی یاوەری کرد.

لەدیدارێکدا پرۆسەی سیاسی عێراق و پێشهات و گرژییەکانی دەڤەرەکە تاوتوێ کرا و تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. 

لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە چارەسەرکردنی پرس و کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور و گفتوگۆی راشکاوانە کردەوە.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی جارێکی دی پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی کرد، وێڕای هیوا خواستنی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە ئەرکی نوێیدا، راشیگەیاند، ئومێدەرارم لەماوەی داهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە بڕۆن.

هەردوولا کۆکبوون لەسەر پەلەکردن لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کۆی کێشەکان و بنیاتنانی عێراقێک، کە گشت پێکهاتەکانی هەست بە ماف و ئەرکی خۆیان بکەن.

Back