مەسرور بارزانی و یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری ئێران و عێراق کۆبوونەوە

ئەمڕۆ شەممە ١٦-٢-٢٠١٩ لە دووەم رۆژی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاندریو پیک، یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری ئێران و عێراق کۆبوونەوە.

لە دیدارێکدا رەوشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کرا و پێداچوونەوەش بە کۆی ئەو گفتوگۆیانە کرا، کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان کردبوویان.

هەر لەو دیدارە تیشکخرایە سەر دوا پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردوولا لەسەر بایەخی میکانیزمی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هاوڕا بوون، نیگەرانی خۆشیان لەبارەی پەرەسەندنی جموجۆڵەکانی داعش لە چەندین پارێزگای عێراق دەربڕی.

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکە باس لە گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کرا، لەوبارەوە مەسرور بارزانی رایگەیاند، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

Back