مەسرور بارزانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبووەوە

ئەمڕۆ شەممە 16/02/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ جێمس جێفری، نوێنه‌ری تایبەتی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە هاوپەیمانی جیهانی دژ بە داعش كۆبووه‌وه‌.

لەدیدارەکەدا رەوشی سوریا و پەرەسەندنەکانی عێراق  و زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش تاوتوێکرا، لەوبارەوە مەسرور بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە پەرەسەندنی کردەوە و جموجۆڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە چەندین پارێزگای عێراق نیگەرانە و جەختی لە پێویستی چارەسەرکردنی بنەڕەتی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی و تیرۆر کردەوە.

لەلای خۆیەوە بالیۆز جێمس جێفری پێزانینی بەرامبەر قوربانییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق نیشاندا، هەردوولا هاوڕابوون، کە هەرچەندە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ئاستی ئیقلیمیدا تووشی شکست هاتووە، بەڵام ئایدیۆلۆژییەکەی وەک هەڕەشەیەکی هاوبەش ماوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەکانی رەوشی سوریا گفتوگۆ کرا، پەیوەست بەوە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لەبارەی ئایندەی گەلی کورد لە رۆژئاوا دەربڕی و داوای لە نوێنه‌ری تایبەتی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە هاوپەیمانی جیهانی دژ بە داعش کرد، هەموو هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ لە بەرەوپێشبردن و بەشدارکردنی گشت پێکهاتە و لایەنە سیاسیەکان لە گفتوگۆکانی یەکلاکردنەوەی هەمیشەیی کێشە و گرژیەکاندا.

Back