مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی پیاوانی ئایینی ئەرمەنی دەکات

ئەمرۆ یەکشەممە 7-4-2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی پیاوانی ئایینی ئەرمەنی کرد، کە لە ژمارەیەک مەترانی ئەرمەن لە وڵاتانی جیهان پێکهاتبوو.

لەم دیدارەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و رەوشی کریستانە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا تاوتوێ کرا و جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان زەمینەی رەخساندنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ گەڕانەوەی کریستانە ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە دەشتی نەینەوا بڕەخسێندرێت.

مەسرور بارزانی خۆراگری و پەیوەستبوونی برایانی کریستان بە زێدی خۆیان و مانەوەیان لەوڵات بەپێویستی زانی بۆ رێگری کردن لەو هەوڵانەی ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامە و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکانیانە و رایگەیاند، پاڵپشتیمان بۆ ماف و داخوازییەکانی برایانی کریستان بە گشتی و ھاولاتیانی ئەرمەنی بەردەوام دەبێت.

هەر لەو دیدارەدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە لە هیچ بارودۆخێکدا گەلی کوردستان دەستبەرداری فەرهەنگی لێبوردەیی و پێکەوەژیان نابێت، کە بەدرێژایی مێژوو لە هزریدا رەگ داکوتاوە و گوتی: کوردستان هەمیشە بە ناوەندی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان دەمێنێتەوە.

لە بەرامبەردا شاندی میوان سوپاسی سەرۆک بارزانی و گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، کە لە قۆناغە جیاکاند پەنا و داڵدەی کریستانەکانی عێراقی داوە و لە کردنەوەی کلێسەی ئەرمەنی لە ھەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان ھاوکار و پالپشت بوونە و لە کۆتاییشدا ئاواتی سەرکەوتنیان بۆ کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست.

Back