‎مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبۆوە

دوێنی شەممە ١٦-٢-٢٠١٩ مه‌سرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی دووەم رۆژی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، له‌گه‌ڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی رۆدیگەر لوکاسن کۆبۆوە.

‎لە دیدارێکدا رەوشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا گفتوگۆی لەسەر کرا.

‎مەسرور بارزانی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی داعش بە کاریگەر وەسف کرد و داوای زیاترکردنی یارمەتییە مرۆییەکانی لە شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و چوارسەد ئاوارە و پەنابەر، کە بەهۆی شەڕ و توندوتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان دەژین.

‎لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا باس لە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرا، لەوبارەوە مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، کە کابینەی نوێ لە چوارچێوەی دەستوور لە نزیکەوە کار لەگەڵ بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان.

‎لەلای خۆیەوە شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا دووپاتیان لە پشتیوانییەکانیان کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، کە پێزانیان بۆ قوربانییەکانی گەلی کورد هەیە و لە هاوکارییەکان بەردەوام دەبن.

Back