مەسرور بارزانی و محمەد ئەلحەلبوسی کۆبوونەوە

ئەمڕۆ شەممە 15/12/2018 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە محمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و شاندی یاوەری.

لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندن و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر تاوتوێ کران .

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئامادەیی خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر دەربڕی.

هەر لەو دیدارەدا ئەرکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەدواداچوونی پرسەکان بە گشتی، بەتایبەتی پرسی بودجە و دابین کردنی بەشە بودجەی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و مادەی 140 گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

مەسرور بارزانی جەختی لە سەر خواستی هەرێمی کورستان بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوری عێراق کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بەربەستی کێشە لەمێژینەکان تێپەڕێنین و بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە ئیتر رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت و تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین بەرەو داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتنی وڵات هەنگاو بنێین.

هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر هەڕەشە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

Back