مه‌سرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی روسیا لە عێراق و شاندی یاوه‌ری ده‌كات

ئەمرۆ  دووشەممە ٢٥/٢/٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مه‌كسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی روسیا لە عێراق و شاندی یاوه‌ری کرد.

لە دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسوڵی گشتی روسیا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، دوا پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییەكانی ناوچه‌كه‌  ئالۆگۆڕ كرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و روسیا له‌ گشت بواره‌كان کرایەوە.

لەو دیدارەدا، وێڕای روونکردنەوەی بایەخی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکوومەتی فیدراڵ،تیشکخرایە سەر میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، پەیوەست بەوە مەسرور بارزانی دووپاتی لە خواستی هەرێمی کوردستان کردەوە، کە پابه‌ندبوون و جێبەجێ کردنی دەستوورە وه‌ك رێگه‌چاره‌ی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری و رایگەیاند، پێویستە لە یەکلاییکردنەوەی پرسەکان دەستوور حەکەم بێت.

پەرەسەندن و زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش و مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بە ناو و شێوازی جیاوە بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو، لەمبارەوە مەسرور بارزانی رایگەیاند، پێویستە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی کاری جدی بکرێت لەسەر چارەسەرکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر، هاوکات دەبێت شەڕی هزری توندڕۆیی لە ئاستە جیاوازەکاندا دەست پێ بکرێت.

لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەکانی رەوشی سوریا، بەتایبەتی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات گفتوگۆی لەسەر کرا، لەمبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسیانەی رەوشەکە بە بەشداری نوێنەری گشت پێکهاتەکان کردەوە و رایگەیاند پێویستە لە گفتوگۆکاندا گەرەنتی ماف و ئاسایشی گەلی کورد لەو وڵاتەدا بدرێت.

هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قولترکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و روسیا، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

Back