مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە

له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی سۆسیال دیموکرات(SPD) بە سەرۆکایەتی ولفگەنگ هێڵمیچ كۆبووه‌وه‌.

لەدیدارێکدا پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و هەنگاوەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، پەیوەست بەوە مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، کە ئەنجامدانی ریفۆرم کاری لە پێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

هەر لەو دیدارەدا تیشکخرایە سەر پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر، لەوبارەوە راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان باسی لەوە کرد، کە چاویان لەوەیە گشت پرسە هەڵواسراوەکان لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.

پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەردەوامبوونی کارەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

له‌ به‌رده‌وامی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستانی وڵاتانی جیهان له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئیلیسا سلۆتكین و ئەلیسە ستافانیک، ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌.

لە دیدارێکدا پەرەسەندنی رەوشی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش تاوتوێکرا و رەوشی سوریا خرایە بەر باس، لەوبارەوە مەسرور بارزانی لەبارەی ئایندەی گەلی کورد لەو وڵاتە نیگەرانی خۆی نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا پێویستە خۆ بەدوور بگیرێت لە بۆشایی ئەمنی و رایگەیاند، ناسەقامگیری لە عێراق و سوریا کاریگەری بەسەر بارودۆخی ئیقلیمیەوە دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی خەلکی زیاتر ئاوارە بن. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، هێشتا داعش لە عێراق و شوێنی دی هەڕەشەیە.

Back