مەسرور بارزانی پێشوازیی لە گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاندی یاوەری دەکات

ئەمرۆ پێنجشەممە 4-4-2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەڕال سێر جۆن لۆریمەر گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاندی یاوەری کرد.

‏‎لەم دیدارەدا، کە بە ئامادەبوونی جۆن ویلکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بەڕێوەچوو، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و پاڵپشتییەکانی بەریتانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ کرا.

‏‎مەسرور بارزانی، رۆڵی حکوومەت و راوێژکارانی سەربازی بەریتانیای لە راهێنان و مەشقکردن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرزنرخاند و کارکردنی جدی بۆ چارەسەرکردنی  هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکە بەپێویست زانی.

‏‎لە بەرامبەردا گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووپاتی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی جیهانی لە هاوکاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبێت تا سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر تیرۆریستانەوە، هەروەها ئاماژەی بە بایەخی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق لەو ناوچانە کرد، کە جموجۆڵەکانی داعش لە پەرەسەندن دان.

لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەکانی رەوشی سوریا گفتوگۆی لەسەر کرا، پەیوەست بەو بابەتە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسیانەی رەوشەکە و گەرەنتی ماف و ئاسایشی گشت پێکهاتەکانی سوریا، بەتایبەتی پێکهاتەی گەلی کورد لەو وڵاتەدا کردەوە.

Back