مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی گروپی هەموو پارتەكانی پەرلەمانی بەریتانیا كرد

ئەمرۆ یەکشەممە ٢٣-٦-٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی گروپی هەموو پارتەكانی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ دۆستایەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی جاک لۆپرێستی سەرۆکی گرووپی هەموو پارتەکانی پەرلەمان  و ئەندامێتی ستیڤ رید، تۆبی پێرکینس و گاری کێنت بەرێوەبەری گروپی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا كرد.

لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی دەستخۆشی لەو گرووپەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا کرد بۆ هاوکاری و پشتگیرییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و باسی لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کرد. 

هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کراو جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی خۆی بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان چڕتر بکاتەوە.

لەلای خۆیەوە شاندی گروپی هەموو پارتەكانی پەرلەمانی بەریتانیا جەختیان لە بەردەوامی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردەوە و مەبەستی سەردانەکەشیان روونکردەوە، کە لەلایەک هانی وەبەرهێنەرانی بەریتانیا دەدەن روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، لەلایەکی دیکەوە دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لەبارەی چۆنێتی هاوکاری کردنی پەنابەران و ئاوارەکان بکەن.

 لەکۆتایی دیدارەکەدا وێڕای بەئاوات خواستنی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە ئەرکی نوێدا، ئامادەیی  خۆشیان بۆ پشتیوانی کردن لە کابینەکەی دەربڕی لەمیانەی هاندانی سه‌رمایه‌دارانی به‌ریتانیا و به‌شدارى کردنیان له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی بواری ئابووریی و پێشكه‌شكردنی پسپۆڕی بۆ بوارە جیاكانى هه‌رێمی کوردستان.

Back