مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩-٦-٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی پێزانینی خۆی بەرامبەر بڕیاری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی دادگاییكردن و سزادانی تاوانبارانی داعش نیشاندا و  رایگەیاند، وەکو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لە جێبەجێ کردنی یاسای دادگاییکردنی داعش دەکەین، بەتایبەتی لەسەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە ئێزدیەکان کردیان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو یارمەتی و هاوکارییەک پێشکەش دەکەن بۆئەوەی ئەو تاوانبارانە پەلکێشی بەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی بکرێن و دادگایی بکرێن. 

لەلای خۆیەوە ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش، پوختەیەکی دەربارەی ئەرك و كارە پێڕاسپێردراوەکەی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا، کە تاوانەکانی داعش لە عێراق و كوردستان ئەنجامی داون دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. لەبارەی ئامانجی ئەو لێکۆڵینەوەیە و پرۆسەی دادگاییکردنەکە رایگەیاند، کە بۆ جیاكردنەوەی تاوانباران و ڕەخساندنی زەمینەی ئاشتەوایی نیشتیمانییە. 

Back