ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی چەند هێرشێکی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان

هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکرد کە پەیوەندییان لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەیە. 

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا ، دوو پیلان پووچەڵکرانەوە کە یەکێکیان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) پلانی بۆ دانرابوو بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان پووچەڵکرانەوە . هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لە گەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون.  

ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیاربوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە ، ئاگادارکراونەتەوە و ڕێکاریی پێویستیش ، لە پێناو پاراستنی دیپلوماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.

دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد ، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم، چەندین کەسییان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیر کردووە .لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتيش( ئینتەرپول)ەوە داوای هەماهەنگیی وهاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا .

لە کەیسی یەکەمدا دوازدە کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پیلانی  هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو. ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ  پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان. لە دوای چاودێریکردنی گرووپەکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ ، توانرا گیانی چەندین کەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێکراويش دەستگیر بکرێن لە نێویاندا دوو هاووڵاتی سووری هەن. گومانلێکراوان بە پێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە. 

لە کەیسی دووەمدا ، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون، تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون  و هەموویان هاووڵاتی عێراقین . ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری تووندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە . هەروەها پلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو. بەم زووانە گومانلێکراوان، بە پێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.  

    

گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەر هەموویان هاووڵاتی عێراقین، بە پێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003  و بە بڕیاری دادگا دەستگیر بکرێن . بەداوداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی و سەربازی لە بارەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی. هەروەها پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی و دادوەرێکیان دابوو. گرووپەکە، زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردووە . ئێمە حکومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکان لەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بە دەستمان خستوون، ئاگادار کراونەتەوە .

ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخات کە هەڕەشەیەکی بەردەوام لە سەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش، چالاکانە ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن، ڕەوشی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت.  

Back