مەسرور بارزانی: لە دۆخی کریستانەکانی دەشتی نەینەوا نیگەرانین

ئەمرۆ 16/11/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی  ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مەتران “بەشار مەتی وەردە”، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی لە هەولێر کرد.

لەم دیدارەدا سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی هەولێر باسی دوا پەرەسەندنەکانی دەڤەرەکە و بە تایبەت دوا رەوشی کریستانەکانی دەشتی نەینەوای کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم رەوشەی ئێستای دەشتی نەینەوا بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارە کریستانەکان نەتوانن بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەرێنەوە و هەروەها ئەو ئابلوقە ئاسمانیەی سەر هەرێمیش بووەتە هۆی ئەوەی هەموو هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان بۆ یارمەتیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ڕابگیرێت. مەتران وەردە دوپاتی کردەوە، کە تاکە ناوچەی ئارام بۆ کریستانەکان هەرێمی کوردستانە و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر پاڵپشتی لە هەرێم و کریستانەکان بکەن.

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای دووپات کردنەوەی ئەوەی کە کوردستان وەک  هەمیشە بە نموونەی پێکەوە ژیان دەمێنتەوە، نیگەرانیی قوڵی هەرێمی کوردستانیشی بەرامبەر بە ڕەوشی کریستانەکانی دەشتی نەینەوا و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت دەربڕی و جەختی کردەوە کە هەرێـی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر بەم کردەوانە بێدەنگ نابێت و پاڵپشتیی تەواوی داواکاریەکانی برا کریستانەکانی دەشتی نەینەوا دەکات و هەموو رێکارە یاسایی ودەستووریەکانیش بۆ وەدەستخستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئاواتی خواست برا کریستانەکان خۆراگر بن و وڵات بەجێ نەهێلن و رێگری لەو پیلانانە بکەن کە ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامەی ناوچەکانیانە.

Back