مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨/٥/٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هندریک ڤان دیفێڵد، باڵیۆزی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردوە.

لەدیدارەکە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و  هەنگاوەکانی کاراکردنەوە و پێکهێنانی دامەزراوە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

‎مەسرور بارزانی کاروچالاکییەکانی بالیۆزی بەرزنرخاند و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست. هەروەها ئاماژه‌ی به‌ پێشڤەچوونه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ بوارە جۆراوجۆرەکان و گفتوگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرد به ‌مه‌به‌ستی گەیشتن بە چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوی کێشه‌کان لەچوارچێوەی دەستوور.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی بەلجیکا لە عیراق و ئوردن، ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستانی بە هۆکارێکی ئەرێنی فرەوانکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ناوزەدکرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە لە بوارە جیاکاند پشتیوانی و هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات و هیوای پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

Back