مەسرور بارزانی پێشوازیی لە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و شاندی یاوەری دەکات

ئەمرۆ سێشەممە ١٩-٢-٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئەلێکسەندەر دی کرو، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و کریستۆس  ستایلینادیس کۆمیساری یەکێتی ئەوڕوپا بۆ یارمەتی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تەنگژەکان  و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، وێڕای تاوتوێکردنی پەرەسەندن و پێشهاتەکان و کاریگەری شەڕی تیرۆریستان لە ناوچەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا و  یارمەتی مرۆیی و هەماهەنگی یەکێتی ئەوڕووپا خرایە بەرباس.

مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی بەلجیکای کرد لەبەرامبەر هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستاندا و ئاواتی خواست کە ھاوکارییەکانی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستاندا فراوانتر بکرێت و زەمینەیەکی لە بار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق  بۆ زێدی خۆیان برەخسێندرێت.

لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا پێزانینی هەبوو بەرامبەر قوربانییەکانەکانی هێزی پێشمەرگە و تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەی، کە هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان و عێراقە و رایگەیاند، بۆ ئەوە لێرەن تا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخ و پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق  بکەن ، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی.

لەلای خۆیەوە کۆمیساری یەکێتی ئەوڕووپا بۆ یارمەتی مرۆیی و بەڕێوەبردنی تەنگژەکان ئاماژەی بە رۆڵی هەرێمی کوردستاندا لە داڵدەدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و ئامادەیی یەکێتی ئەوڕووپای لە زیاترکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و هەماهەنگی لە گشت بوارەکان نیشاندا.

Back