مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات

ئەمرۆ چوارشەممە 13/3/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سداد ئونال جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسە هاوبەشەکان تاوتوێ کرا.

مەسرور بارزانی، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکان دووپات کردەوە، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت و خزمەت بە ئاشتی وسەقامگیری و دراوسێیەتی باش بکات.

لەلای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویستی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک دراوسێ و دەروازە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.

گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و رەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و رۆڵی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

Back