مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی یەکێتی ئەوروپا ده‌كات

ئەمرۆ٣٠/١/٢٠١٩مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جین کریستۆف بێلیارد جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری سیاسی و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، کە رامۆن بلیکۆ باڵیۆزی یەکێتی ئەوڕوپا لە عێراق و خاتوو كلاریس پاستۆری، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، پەرەسەندن و ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندیی نێوان یەکێتی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لە سەر کرا،

مەسرور بارزانی پەیوەند بە پەرەسەندنەکانی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر ئاماژەی بەدەستپێکردنی قۆناغی نوێی ئەو پەیوەندیانە دا و ئاواتی خواست زەمینەیەکی لەبار برەخسێنرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و لەم هەنگاوەشدا هاوکاری یەکێتی ئەوڕوپای بە پێویست زانی.

لەلای خۆیەوە جین کریستۆف بێلیارد ئامادەییی خۆیان بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا و پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان نیشان دا  بۆ پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی و هیوای پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان خواست.

تاوتوێکردنی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و میکانیزمی بەرپەچدانەوەی ئەم مەترسیانە و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back