مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای یه‌كێتی ئه‌وڕووپا كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ  28/11/2018،  مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ژیل دی كاركۆڤا، هه‌ماهه‌نگیكاری كاروباری دژه‌ تیرۆر له‌ یه‌كێتی ئه‌وڕووپا و رامۆن بلیكوا باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا له‌ عێراق كرد.

له‌و دیداره‌دا مه‌سرور بارزانی باسی له‌ شه‌ڕی داعش و دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و زیاتربوونی جموجۆڵه‌كانی داعش و هۆكاره‌كان كرد و رایگه‌یاند، سیستمی سیاسی كارپێكرا و گه‌نده‌ڵی و دابین نه‌كردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان هۆكارگه‌لێكن و ئاماژه‌ی به‌ لێپسراوێتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دا بۆ رێگه‌ گرتن له‌ تیرۆریستان‌.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتی ئه‌وڕووپا به‌تایبه‌تی له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان جه‌ختی لێكرایه‌وه‌ به‌و پێیه‌ی شه‌ڕی داعش، شه‌ڕێكی جیهانییه و به‌ته‌نێ په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌یه‌ك یا لایه‌نێكه‌وه‌ نییه‌‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌و كه‌ناڵ و سۆشیاڵ میدیانه‌ كرد‌، كه‌ داعش بۆ كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر خه‌ڵكی سوودیان لێ ده‌بینێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا له‌ عێراق تیشكی خسته‌ سه‌ر گفتوگۆكانی فره‌وانكردنی یارمه‌تییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازیكردن له‌ناو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان. په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی نوێی عێراق ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.‌

Back