مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئێران پرسە هاوبەشەکان تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ سێشەممە 15/1/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندن و رەوشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆی لەسەر کرا.

مەسرور بارزانی، وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری دەرەوەی ئێران، تیشکی خستە سەر پەیوەندی لە مێژینەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و گەلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاماژەی بە دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دا لە سەر بنەمای رێز و ھاوسەنگی دوولایەنە.

هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەکانی تیرۆریستان و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و  پرسە هاوبەشەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێکرا.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باسی لە بایەخی پەرەپێدان بە میکانیزمی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بواری پەیوەندییە ئابورییەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابووریەکانی ئێران و عێراق کرد و رایگەیاند،  سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئێران گرینگە و لەو پێناوەدا ئامادەی پەرەپێدانی ھەموو ھاوکارییەکانن.

Back