مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 15/1/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێکران و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و كوردستان لە بوارە جیاجیاکان كرایەوە.

لەسەرەتای دیدارەکەدا مەسرور بارزانی  سوپاسی گەل و حكومەتی فەرەنسا و هه‌وڵه‌كانى سەرۆک ئیمانوێل ماكرۆنی کرد لە پشتیوانی و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان، بەوەی فەرەنسا لە گشت قۆناغەکاندا  هاوكار و پشتیوانێکی گەورەی خەباتی گەلی كوردستان بووە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق تیشکی خستە سەر  پێشڤەچوونەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان  و بەغدا و  ئاماژەی بەوەدا کە بە رەچاوکردنی دەستوری عێراق ھەوڵ بۆ نەھێشتنی کێشەکان دەدرێت.

هەر لەو دیدارەدا لەبارەی ئەگەر و هەلومەرجەکانی بارودۆخی سوریا جەخت لە گرینگی هێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری سیاسیانەی کێشەکانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەک کرایەوە، کە ویست و مافی هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت.

لەلای خۆیەوە ژان ئیف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست و تیشکی خستە سەر شێوازی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و رایگەیاند، پەیوەندی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان مێژوویی و گرینگن . هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە قۆناغی نوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا نیشاندا، دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی لە پشتیوانی و هاوکاری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە  بەردەوام دەبێت.

Back