مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەلمانیا لە عێراق دەکات

ئەمرۆ 5/2/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سیریل نۆن باڵیۆزی ئەلمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد. لەم دیدارەدا  کە خاتوو باربارا وۆڵف كونسولی ئه‌ڵمانیا له‌ هەولێر ئامادە بوو پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەلمانیا و دوا پەرەسەندنی رەوشی دەڤەرەکە تاوتوێ کران.

مەسرور بارزانی رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی پێشکەوتوو له‌ هه‌ولێر و پێشکەشکردنی بە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزنرخاند و جەختی لە پەرەپێدان و پتەوترکردنی پەیوەندییەکان کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکان لە ریفۆرمەکانی بەردەوامە، راوێژ و ئەزموونی وڵاتانی دۆست لەو پرسە بە پێویست دەزانێت.

له‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی ئەلمانیا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ گرینگیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ رۆڵ و پێگەی هه‌رێمی كوردستان و پشتگیری له‌ فره‌وانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌كات و لە هاوكارییه‌كانی  بۆ هه‌رێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، دروستکردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەشێکە لە ئەرکی وڵاتەکەمان بەرامبەر رۆڵ و قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر لە هەندێ ناوچە و هه‌ماهه‌نگیی‌ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و رەوشی کەرکووک بەتایبەتی خرایە بەرباس، پەیوەست بەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وێڕای دووپاتکردنەوە لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، لە ئاماژەیەکدا بۆ میکانیزمی چارەسەری رەوشی ئەو ناوچانە بە پێویستی زانی بە ڕەچاوکردنی دەستوور دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و گفتوگۆكانی نێوان لایەنەکان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back