مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد

ئەمرۆ چوارشەممە ٢٠-٢-٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نافومی هاشیمۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد.

لەدیدارێکدا، کە کونسوڵی گشتی ژاپۆن لە هەولێر ئامادە بوو، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و فراوانکردنی پەیوەندییەکان و دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.

مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هاوکاری و یارمەتییانەی لەماوەی رابردوودا پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کردووە .

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ژاپۆن ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داھاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی لە پێشکەش کردنی هاوکارییەکان و بەشداربوون لە پەرەپێدانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا.

لەبەشیکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رۆڵی کۆمپانیاکانی ژاپۆن لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان کرا و جەخت کرایەوە کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا.

هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قولترکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

Back