مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی نەرویج بۆ عێراق و ئوردون کرد

ئەمرۆ 5/3/2018 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە خاتوو تۆن ئالەرس باڵیۆزی نوێی نەرویجی بۆ ئوردن و عێراق کرد.

لەم دیدارەدا باڵیۆزی نەرویجی سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆر ڕاگەیاند و ئاماژەی بە ئەوەدا کە نەرویج بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ڕۆلی هەرێم لە ناوچەکەدا و خوازیاری فراوانترکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە گەل هەرێمی کوردستان. باڵیۆزی نەرویج پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات کردوە و ئاواتی خواست هەرچی زووتر ئەم دانوستانانە ئەنجامی ئەرێنیی لێ بکەوێتەوە.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاواتی سەرکەوتنی بۆ خاتوو ئالەرس لە پۆستە نوێیەکەیدا خواست و ستایشی وڵاتی نەرویجی کرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوکاریانەی کە لە چوارچێوەی هاپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا پێشکەشی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

مەسرور بارزانی لە بارەی دوا رەوشی عێراق و ناوچەکە ڕایگەیاند، دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر ئەرکەکانی لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات تاکو زەمینە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی و گەشەکردنەوەی تیرۆر نەرەخسێتەوە. لە بارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر دانوستانەکان لە سەر بنەمای جێبەجێ کردنی دەستوور کردەوە و ڕوونی کردەوە هەرێمی کوردستان ئەرکە دەستووریەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام لە بەغدا خۆدزینەوە لە جێبەجێ کردنی کۆی دەستوور وەک یەک پەکێج هەیە.

Back