مەسرور بارزانی پێشوازی لە پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی ڕۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری دەکات

ئەمڕۆ 27/1/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی ڕۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە ژمارەیەك مەترانی كەنیسەی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پارێزگای نەینەوا پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ سەرکردایەتی سیاسی و حكوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو لەبەرامبەر پێشوازیکردن و حەواندنەوە و داڵدەدانی كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا.

هەر لەو دیدارەدا ئاماژە بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان كریستیانەكان و گەلی کورد درا و جەخت لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و چارەنووس و ئاییندەی هاوبەشی تێکڕای پێکهاتەکانی گەلی كوردستان كرایەوە، لەوبارەوە مەسرور بارزانی روونیکردەوە، کە گەلی کورد شانازی بە پەیوەندییە مێژووییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکاتەکانی کوردستان دەکات، وەک خاڵێکی بەهێز لێی دەڕوانێت و رایگەیاند، لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەی کریستیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگەین، لەم روانگەیەوە ئێمە لە یارمەتی و پشتیوانییەکانمان بەردەوام دەبین.

هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دایە شاندی میوان، کە کریستیانەکان بە بەشێک لە گەلی کوردستان دەزانن و رایگەیاند، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە مێژوویی و پرەنسیپانە نابین، کە لە باوەری قوڵمانەوە بە رێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئایینیەوە سەرچاوەی گرتووە و گوتی: پێویستە هەموان ئەم وڵاتە بە وڵاتی خۆیان بزانن و ناکرێت پەنا بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەیان ببەن.

لەبەرامبەردا پاتریاك مار ئەگناتیۆس پاراستن و داڵدەدانی کریستیانەکانی لەلایەن خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و تیشکی خستە سەر نیگەرانیی کریستیانەکان لە ناوچەکەدا، کە لەلایەن هەندێ گروپی چەکدارەوە ناچار بەوە دەکرێن ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.

لە کۆتاییدا نزای سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی خواست و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ئەگەر دەخوازن یارمەتیدەر بن، پێویستە لە زێدی خۆیانەوە ئەوەیان بۆ بکەن و لەچارەسەرکردنی رەوشەکە هاوکاریان بن.

Back