مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری کاروباری مرۆیی پۆڵۆنیا و شاندی یاوەری دەکات

لەدیدارێکدا، کە بێئاتا پێکسا باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە عێراق و دۆمینیک مووشاو کونسوڵی پۆڵۆنیا لە هەولێر و زیاد رەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ئامادەبوون، وێڕای تاوتوێکردنی پەرەسەندن و رەوشی ناوچەکە بە گشتی، جەخت لە پێویستی بە دەنگەوە هاتنی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرایەوە و هانی رێکخراوە مرۆییەکان و دەوڵەتانی جیهان درا، کە یارمەتییە مرۆییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان چڕتر بکەنەوە.

مەسرور بارزانی پەیوەست بەو بابەتە تیشکی خستە سەر فەرهەنگی مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی گەلی کورد و رایگەیاند، گەلی کورد لە سۆنگەی فەرهەنگی مرۆڤدۆستیی رەگداکوتاوی کۆمەڵگەی کوردستان خزمەتکردن و داڵدەدانی ئەو ئاوارانە بە ئەرکێکی مرۆیی بەرز دادەنێ ، کە لە ترسی زوڵم و توندوتیژی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و دەوروبەرەوە پەنایان بە هەرێمی کوردستان هێناوە. هەر لەو دیدارەدا ئاماژەیدا بە هۆکاری رێگرییەکانی بەردەم دووبارە گەرانەوەی ئاوارەکان.

لەلای خۆیەوە وەزیری کاروباری مرۆیی پۆڵۆنیا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە بەربژێرکردنی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

دواتر وێڕای روونکردەوەی مەبەستی سەردانەکەی، پوختەیەکی لە کار و چالاکییەکان و سیاسەت و بەرنامەی وڵاتەکەی بەرامبەر کەمینە ئایینەکان و ئاوارەکان خستەڕوو، کە یارمەتیدانیانە لە شوێنی بنەڕەتی خۆیان. هەروەها حەوانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانی بەرزنرخاند و رایگەیاند، ئەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی شوێنی نیشتەجێ بوون و خزمەتگوزاریی سەرەتایی و پەروەردە و خوێندن بۆ ئاوارەکانی دابینکردووە، کارێکی مرۆیی گەورەیە و جێی شانازیی هەمووانە. دووپاتیشی لە هاوکاری وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە بواری پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی زیاتر کردەوە.

پەرەپێدان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و راوێژکاری لە بواری کاری مرۆیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆڵۆنیا و رێکخراوە خێرخوازە خۆجێییەکان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و خاتوو بێئاتا بوو.

Back