مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی سریلانکا لە عێراق دەکات

ئەمرۆ 6/2/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نرانجان ئاران سینگا باڵیۆزی سریلانکا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد. لەم دیدارەدا  کە كونسولی فەخری سریلانکا له‌ هەولێر ئامادە بوو پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و پەرەسەندنی رەوشی ناوچەکە تاوتوێ کران.

مەسرور بارزانی جەختی لە پەرەپێدان و پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکان کردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان خوازیارە بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەزموون و تێکەڵاوی کلتوور و فەرهەنگ پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گشت وڵاتانی جیهان بدات.

لەم دیدارەدا باڵیۆزی سریلانکا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ گرینگیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پێگەی هه‌رێمی كوردستان لە ناوچەکەدا و پشتگیری له‌ فره‌وانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌كات و رایگەیاند، ئەو رۆڵ و پێگە و ئاسایشەی بەرقەرارە هۆکارن وڵاتەکەمان بە بایەخەوە بڕوانێتە هەرێمی کوردستان .

تاوتوێكردنی رەوشی گشتی ناوچه‌كه‌ و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تەوەرێکی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back