مه‌سرور بارزانی لەگەڵ‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق کۆبۆوە

ئه‌مڕۆ یەکشەممە ٩/١٢/٢٠١٨ مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جۆن وێڵكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد. له‌ دیدارێكدا، كه‌ مارتن وار كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌ و هەوڵ و هەنگاوەکانی  پێكهێنانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان و هاتنە ئارای قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوكرا.

مه‌سرور بارزانی، قۆناغی نوێی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازە لەقەلەم دا و هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا بە گرتنەبەری دیالۆگ و گفتوگۆی بنیاتنەر پرسە هەڵواسراوەکان چارەسەر بکرێن و زەمینە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێشخستنی وڵات و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان برەخسێنێت.

باڵیۆزی بەریتانیا، وێڕای پیرۆزبایی کردن لە مەسرور بارزانی بەبۆنەی کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەیان هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئاوەدانی و پێشکەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

Back