مەسرور بارزانی و وه‌زیری به‌رگریی بەریتانیا کۆبوونەوە

هەر ئەمڕۆ شەممە ١٦-٢-٢٠١٩ لە دووەم رۆژی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و  گاڤن ولیا‌مسن، وه‌زیری به‌رگریی بەریتانیا لە میونشنی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

لە دیدارکەدا دوا پەرەسەندنی رەوشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا گفتوگۆی لەسەر کرا.

مەسرور بارزانی سوپاسی وه‌زیری به‌رگریی بەریتانیای کرد لەبەرامبەر مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و جەختی کردەوە، کە بەگژداچوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، هاریکاری بەردەوامی هاوپەیمانی جیهانی دەخوازێت.

لەبەرامبەردا وه‌زیری به‌رگری بەریتانیا رایگەیاند، هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێوان گه‌لی كوردستان و به‌ریتانیا هه‌بووه‌ و له‌ هاوكارییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین.

هەر لەو دیدارەدا باس لە دوا رەوشی سوریا کرا و بەرەوپێشبردنی رێککەوتنی درێژخایەن بە ئامانجی رێگەگرتن لە پەرەسەندنی گرژی و ناکۆکییەکان بە پێویستزانرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی گەرەنتی دان بە دابینکردنی ئایندەی مافی پێکهاتەکان بە مافەکانی گەلی کوردیشەوە لەو وڵاتەدا.

Back