مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای دیپلۆماسی بریتانیا دەکات


ئەمڕۆ ٢٦ی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلێستەر بێرت، وەزیری دەوڵەتی حکوومەتی بریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، کە هەریەک لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتی بریتانیا لە هەولێر و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بریتانیا ئامادە بوون، پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و بریتانیا تاوتووکرا.

لەو دیدارەدا تایبەت بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، مەسرور بارزانی پەسەندکردنی بودجەی گشتیی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفکرد، بەو پێیەی دەبێتە هاندەر بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و بەپێویستی زانی بریتانیا رۆڵی خۆی ببینێ لە زیاتر لێکنزیککردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولادا.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەتی حکوومەتی بریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا باسی لەوە کرد، بریتانیا لە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری زیاتر لە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی تایبەت بە ماددەی ١٤٠ دەکات، بۆئەوەی دەرفەت نەدرێتە سەرهەڵدانەوەی داعش و زەمینەی رێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەو ناوچانە بێتەدی.

Back