مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئۆكرانیا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ  21/11/2018،  مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ڤیكتۆر نیدۆپاس، باڵیۆزی ئۆكرانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌و كۆبوونه‌وه‌دا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسیه‌كان و په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و ئۆكرانیا تاوتوێكرا و جه‌خت له‌ فره‌وانكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ئاسایش و بازرگانی و وه‌به‌رهێناندا كرایه‌وه‌.

مه‌سرور بارزانی هیوای به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی خواست و هانی باڵیۆزی ئۆكرانیایدا له‌ میانه‌ی بوونی دیپلۆماسیان له‌ هه‌ولێر كار بۆ دامه‌زراندنی  په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز بكات، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولادا بێت.

په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو، له‌وباره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاره‌كاندا هیوای ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی عێراق خواست و رایگه‌یاند، چاومان له‌وه‌یه‌ قۆناغی سه‌خت و دژواری په‌یوه‌ندییه‌كان تێپه‌ڕێت، كه‌ پێشتر هه‌بوو.

Back