له‌ دیداری مه‌سرور بارزانی و جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكرا

ئه‌مڕۆ  17/11/2018،  مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ئه‌ندرۆ پیك، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا  بۆ كاروباری ئێران و عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان و ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر تاوتوێ كران.

له‌و دیداره‌دا پێشوازی له‌ بڕیار و رێككه‌وتنی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی بیره‌كانی كه‌ركووك له‌رێی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان كرایه‌وه‌ و به‌ هه‌نگاوێكی گرینگ و سمبۆڵی دانرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان.

مه‌سرور بارزانی و ئه‌ندرۆ پیك له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیان له ئاساییكردنه‌وه‌ و‌ كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م رێگاكان و پاككردنه‌وه‌یان له‌ مینه‌ چێنراوه‌كان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ ئه‌م ناوچانه‌ كرده‌وه‌.

تاوتوێكردنی ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێی پێكه‌وه‌ كاركردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ی نێوان هه‌ردوولا بوو.

.

Back