مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧/١٢/٢٠١٨ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کاردینال پیترۆ پارۆلین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان و شاندی یاوەری کرد.

لە سەرەتای دیدارەکە مەسرور بارزانی پیرۆزبایی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی زاینیی لە کاردینال پیترۆ پارۆلین کرد و لە رێگەی ئەویشەوە بەو بۆنەیەوە سڵاوی تایبەتی بۆ قەداسەتی پاپا فرانسیس نارد.

لەم دیدارەدا وێڕای گفتوگۆکردنی بارودۆخ و رۆڵ و رەوشی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، داڵدەدان و حەوانەوەی ئاوارە مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرزنرخێندرا، لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی گەلی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، وەک هەمیشە مەسیحیەکان بە بەشێکی رەسەنی ئەو کۆمەڵگەیە دەزانین و داڵدەدان و حەوانەوەشیان بە ئەرکی مرۆڤدۆستی گەلەکەمان دادەنێین. هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هیوای خواست بەیارمەتی هەموو لایەک کەشێکی لەبار بخولقێندرێت بۆئەوەی برایانی کریستیان وڵات بەجێ نەهێڵن و رەوتی کۆچ پێچەوانە بێتەوە و بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە زێدی رەسەنی خۆیان .

لەلای خۆیەوە کاردینال پیترۆ پارۆلین، سەرۆک وەزیران سوپاسگوزاری حکوومەتی ڤاتیکانی بە هەرێمی کوردستان راگەیاند و نزای بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە کرد. جگە لە ستایشکردنی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە داڵدەدان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئاوارەکان، دووپاتی لەوەشکردەوە، ڤاتیکان لە پێشکەشکردنی یارمەتیی و پشتیوانەکانی بۆ پێشکەوتنی زیاتری هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

Back